تکایە ناوت تۆمار بکە بۆ بەردەوامبوون
پێشتر هەژمارت هەیە؟ چوونەژوورەوە
مەرجەکانی خزمەتگوزاری
رێکەوتننامەی کردنەوەی هەژماری بازرگانی
لایەنەکان
ئەم رێکەوتننامەی کردنەوەی هەژماری بازرگانیە (لێرە بەدواوە بە رێکەوتننامە ناودەبرێت) لە رۆژی قبوڵکردنیەوە لەلایەن بەشداوبووەوە چالاکە، لە نێوان:
کۆمپانیای کۆمپانیای مێرکاتۆ بروکەرز بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین و بازرگانی ئەلیکترۆنی/سنوردار، کە دامەزراوە بە گوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و تۆمارکراوە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ژمارەی تۆماری (٣١٣٨٥) کە نووسینگەی سەرەکی کەوتۆتە باڵەخانەی ژمارە ٣٠٨، لە دریم ستی، هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق (لێرە بەدواوە بە بریکار ناودەبرێت)
و تۆ، وەک کەسێک یان دامەزراوەیەک کە فۆرمی ناسینی بەشداربووت پڕکردۆتەوە و ناسنامەی خۆی پێشکەشی ئێمە کردووە، بە پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی، تۆ، ئەو کەسە یان ئەو دامەزراوەیە، کە ئەو کارە دەکات، ئاماژە بە تێگەیشتن و ڕەزامەندی تۆ دەکەن بۆ ئەوە مەرجانەی خوارەوە (لێرە بەدواوە بە بەشداربوو ناودەبرێت).
لێرە بە دواوە هەردوو لایەن پێکەوە بە (لایەنەکان) ناو دەبرێن.
پێشەکییەکان
بریکار کۆمپانیاکی تایبەتمەندە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریەکانی بازرگانی کردن لە بازاڕە داراییەکانی جیهان و خاوەن مۆڵەتی سۆفتوێری مێتا ترەیدەر ٥ (Meta Trader 5)ە بۆ بازرگانی کردن لە بازارە داراییەکانی جیهان.
بەشداربوو ئارەزوومەندانە ویستی بازرگانیکردنی لە بازارە داراییەکانی جیهان هەیە بە دانانی سەرمایەی خۆی لەسەر بڕیار و بەرپرسیارەتی خۆی لەسەر ئەو هەژمارە بازرگانیەی کە بریکار بۆی دروست دەکات. و بە ئارەزوومەندا داوای کردنەوەی هەژماری بازرگانی لە بریکار دەکات.
بۆ ئەم مەبەستتە لایەنەکان لەسەر ئەو خاڵ و مەرجانەی خوارەوە رێکەوتن.
مەرج و خاڵەکان
1. کردنەوە و تۆمارکردنی هەژماری بارزگانی
· پێویستە بەشداربوو گشت زانیاری کەسی داواکراو و بەڵگەنامەکان بۆ بریکار بەردەست بکات.
· بریکار مافی خۆیەتی کە هەژمار بۆ بەشداربوو دروست نەکات بێ روونکردنەوە.
· بە کردنەوەی هەژمار بەشداربوو دان دەنێت بە قبوڵکردنی گشت مەرجەکانی ئەم رێکەوتننامەیە لەنێویشیاندا بەشی "دانپێدانانی مەترسی".
2. بازرگانیکردن
· بەشداربوو تێدەگات و دان دەنێت کەوا تەنها خودی خۆی بەرپرس و لێپرسراوە لە بڕیاردان بۆ کڕین و فرۆشتن.
· بریکار بەشێوەیەکی خۆرایی خزمەتگوزاریەکانی شیکردنەوەی بازارەکان و ئامۆژگاری بازرگانیکردن و سیگناڵی کڕین و فرۆشتن پێشکەشی بەشداربووانی دەکات بەپێی پرۆگرام و مەرجەکانی خۆی. بەشداربوو دان بەوە دەنێت کە خۆی ئارەزوومەندانە و ئازادانە بڕیار دەدات بە پشت بەستن یان نەبەستن بە شیکاری و ئامۆژگاری و سیگناڵەکانی بریکار و بەشداربوو خۆی بەرپرس و لێپرسراوە لە ئەنجامی کڕین و فرۆشتنەکانی لە کاتی پشت بەستن یان نەبەستن بە شیکاری و ئامۆژگاری و سیگناڵەکانی بریکار.
· بریکار مافی ئەوەی هەیە تاک لایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ بەشداربوو بەگوێرەی بارودۆخی پێویست بڕیاری قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی هەندێک شێواز و چالاکی بازرگانی کردن بدات وەکو (hedging, scalping، بەکارهێنانی رۆبۆتی بازرگانی کردن، بازرگانیکردن پێش هەواڵەکان...هتد).
· بریکار مافی ئەوەی هەیە تاک لایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ بەشداربوو بڕیاری گۆڕینی مەرجەکانی و بارودۆخی بازرگانیکردن بدات وەکو
(Margin Call, Margin Level, Leverage, Server, Spread, Commission). لیستی ئەو بابەتانەی کەوا بریکار مافی تاک لایەنەی گۆڕینیانی هەیە فراوانترە و سنووردار نیە بە لیستی ئاماژە پێکراو.
3. دانان و راكێشانی پارە
· بۆ دانان و راکێشانی پارە لەسەر هەژماری بازرگانیکردن، پێویستە بەشداربوو ئەو رێگایانە بەکاربێنێت کە بریکار دەستنیشانی کردووە.
· بریکار مافی خۆیەتی کەوا بڕێک پارە وەک کۆمیشن وەربگرێت بۆ دانان و راکێشانی پارە لەسەر هەژماری بازرگانی بەشداربوو.
· بەشداربوو دان بەوە دەنێت کەوا سەرمایەی داندراو لەسەر هەژماری بازرگانی خۆی بە گوێرەی یاساکانی تایبەت بە "سپی کردنەوەی پارە و دژە تیرۆر یان هەر یاسایەکی تری تایبەت بە پارە و سەرمایە" لە هەرێمی کوردستان و عێراق و یاسا نێودەوڵەتییە جێبەجێکراوەکان بەدەست هێندراوە و هیچ کێشە و شکاندنێکی یاسایی نیە و هیچ داواکاری یاسایی لەسەر نیە. لە کاتی بوونی هەرکێشەیەکی یاسایی لەسەرمایەی داندراو لەسەر هەژماری بازگانیەکەی، بەشداربوو خۆی بەرپرس و لێپرسراوە بەرانبەر یاسا و بریکار هیچ بەرپرسیارەتی و لێپرسراویەتیەک هەڵناگرێت و بەگوێرەی بڕیاری دادگا و دەسەڵآت، بریکار مامەڵە لەگەڵ سەرمایەکە دەکات.
· بەشداربوو دان بەوە دەنێت کەوا راکێشانی سەرمایەی داندراو یان قازانج لەسەر هەژماری بازرگانیەکەی پێویستی بەرێکاری یاسایی و ئاسایش هەیە و کاتێک رێکارەکان تەواوکران ئینجا پارەکە لەلایەن بریکار رادەستی بەشداربوو دەکرێت.
4. نهێنی و پاراستنی داتا
· لایەنەکان رەزامەندن لەسەر پاراستنی نهێنیبوونی گشت داتا و زانیارییە هەموو زانیاریە نا گشتیەکان وەکو داتا و زانیاری کەسی و داراییەکان. ئەو داتا و زانیاریانە تەنها بە گوێرەی پێویستی و مەرجەکانی ئەم رێکەوتننامەیە بەکاردێن.
· بریکار رێکاری ئاسایشی تەکنەلۆژی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی زانیاریە نا گشتیەکان، بەڵام ناتوانێت گرەنتی سەلامەتی و ئاسایشی گواستنەوەی داتا و زانیارییەکان بکات لەسەر ئینتەرنێت.
5. هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامە
· بە راكێشانی گشت پارەی سەر هەژماری بازرگانی و دوای بەکارنەهێنانی هەژمارەکە بۆ ماوەی (14) رۆژ، هەژمارەکە دادەخرێت و ئەم رێکەوتننامەیە هەڵدەوەشێتەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی.
· بریکار مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێکەوتننامەیەی هەیە بە هۆکار یان بێ هۆکار بێ گەڕانەوە بۆ بەشداربوو. لەم حاڵەتەدا بریکار سەرمایەی بەشداربوو دەگەڕێنێتەوە پاش داخستنی گشت کڕین و فرۆشتنە چالاکەکان و چارەسەر کردنی هەر گرفتێکی دارایی (ئەگەر هەبن) لە نێوان بریکار و بەشداربوو.
· کۆتایی هێنان بەم ڕێککەوتنە نابێت کاریگەری لەسەر هیچ پابەندبوونێک یان بەرپرسیارێتییەک هەبێت کە پێشتر بوونی هەبووە.
6. چارەسەرکردنی ناکۆکی
· هەر ناکۆکییەک کە لەم رێکەوتنامەیە سەرچاوەی گرتبێت یان پەیوەندی بەم رێکەوتنامەیە هەبێت، لە ڕێگەی دانوستانەوە بە نیازێکی باش لە نێوان لایەنەکاندا چارەسەر دەکرێت.
· ئەگەر ناکۆکییەک لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر نەکرێت، لایەنەکان ڕازی دەبن کە بابەتەکە بگوازنەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری لە قەزای ناوەندی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی.
7. یاسای بەڕێوەبردن
· ئەم ڕێککەوتنە بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوە دەبرێت و لێکدەدرێتەوە.
8. شەرعی بوونی ئەم ڕێکەوتننامەیە
· ئەگەر دەرکەوت کە بڕگەیەک یان زیاتری ئەم ڕێکەوتننامەیە نادروستبێت، نەگونجێت یاخود پێچەوانەی بڕگەکانی یاسا کارپێکراوەکان بێت ئەوا ئەو دەرکەوتنە کارناکاتە سەر شەرعی بوون و بەردەوامی مەرجە و خاڵەکانی تری ئەم ڕیکەوتننامەیە.
9. دەسەڵات پێدان و بەڕێوەبردنی هەژمار
· بەشداربوو داندەنێت بەوەی کاتێک داواکارییەکی کڕین یان فرۆشتن لەسەر پلاتفۆرمی بریکار ئەنجام دەدات، ئەوا بەشداربوو بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسەڵات بە بریکار دەدات بۆ جێبەجێکردن و گواستنەوەی داواکارییەکەی بۆ ناوەندە جیهانییەکان بۆ دابینکردنی نەختێنەیی (Liquidity Provider). جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەشداربوو بەگوێرەی یاساکانی بریکار دەبێت.
· بەشداربوو خۆی بەتەواوی بەرپرسە لەسەر پاراستن و بەسەلامەت هێشتنەوەی زانیارییەکانی کردنەوەی هەژماری بازرگانی خۆی وەکو ژمارەی هەژمار و وشەی نهێنی (Password). پێویستە بەشداربوو بە زووترین کات بریکار ئاگادار بکاتەوە لەکاتی بوونی کێشەی لەو جۆرە.
10. رێکەوتنی پێشتر
· ئەم ڕێککەوتنامەیە تەواوی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان پێکدەهێنێت و جێگەی هەر ڕێککەوتنێک یان لێکتێگەیشتنێکی پێشوو دەگرێتەوە، جا نووسراو بێت یان زارەکی.
11. بازرگانیکردن بە پەراوێز (Margin Trading)
· بەشداربوو دان بەوەدا دەنێت کە بازرگانیکردن بە پەراوێزەوە واتە قەرزکردنی پارە لە بریکار بۆبەمەستی پێدانی هێزی کرین و فرۆشتنی زیاتر بە بەشداربوو، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەمە مەترسی زیاتر بۆ سەر سەرمایەی بەشداربوو لەخۆدەگرێت، وەکو ئەگەری لەدەستدانی زیاتر لە سەرماییەی سەرەتایی.
12. گۆڕانکاری
· بریکار مافی پێداچوونەوە و گۆڕینی خاڵ و مەرجەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیەی هەیە بە شێوەیەکی یەک لانە بێ گەڕانەوە بۆ بەشداربوو بەو مەرجەی گۆرانکارییەکان دژی هیچ یاسایەکی پەیڕەوکراو بە کارکرن لە بازارە داراییەکانی جیهان نەبن. لەکاتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری بریکار بەشداربوو لە گۆڕانکارییەکان بە ئامرازی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەکاتەوە.
· دوای ئەنجامدانی هەرگۆڕانکارییەک لە لایەن بریکارەوە، ئەگەر بەشداربوو بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی هەژمارە بازرگانیەکەی، ئەوە بە قبووڵکردنی گۆڕانکارییەکان لەلایەن بەشداربووەوە هەژمار دەکرێت.
· بەشداربوو مافی گۆڕانکاری لە مەرج و خاڵەکەکانی ئەم رێکەوتننامەیە نیە.
13. پلاتفۆرمی بازرگانیکردن و تەکنەلۆژیا
· پێویستە لەسەر بریکار کە رێگە بە بەشداربوو بدات بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرم و تەکنەلۆژیای پەیوەست بە بازرگانیکردن بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانی خۆی.
· بەشداربوو دان دەنێت کەوا بەردەستبوون و کارکردنی پلاتفۆرم و تەکنەلۆژیای پەیوەست بە بازرگانیکردن دەکرێت تووشی کێشە بن بە هۆکاری دەرەوەی کۆنتڕۆلی بریکار. لەو حاڵەتانە بەشداربوو رەزامەندە کەوا بریکار بە بەرپرس و لێپرسراو دانانێت لەئەگەری دروستبوونی هەر زیانێک بۆ سەر سەرمایەی بەشداربوو.
14. جێبەجێکردنی داواکاری و نرخ
· پێویستە هەموو بریکار هەولێکی گونجاو بدات بۆ گواستنەوە و جێبەجێکردنی مامەڵەکانی بەشداربوو بە خێرایی و لە باشترین نرخی بەردەست لە بازاڕە جیهانییەکان.
· بەشداربوو دان بەوەدا دەنێت کە بارودۆخی بازاڕ، لەوانە ناسەقامگیری و نەختێنە، لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی فەرمان و نرخەکان، وە بریکار ناتوانێت مسۆگەری جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەشداربوو بکات لە نرخی دیاریکراو.
· بریکار لەوانەیە بە بڕیاری خۆی بی گەڕانەوە بۆ بەشداربوو مامەڵەکانی بەشداربوو ڕەت بکاتەوە یان بگۆڕێت لە حاڵەتی تێکچوونی بازاڕ، کێشەی تەکنیکی، یان چالاکی بازرگانی خراپ و گومانلێکراو یان ساختەکاری.
15. رسومات و کۆمیشن
· بەشداربوو رەزامەندە لەسەر پێدانی رسومات و کۆمیشن (عمولە) و جیاوازی نرخ (سپرید) و کرێی تری پەیوەست بە چالاکییەکانی بازرگانیکردن بەگوێری خشتە و پرۆگرامەکانی بریکار کە تایبەتن بەم بابەتە.
· بریکار مافی گۆڕینی بەشێک یان گشت رسومات و کۆمیشن (عمولە) و جیاوازی نرخ (سپرید) و کرێی تری پەیوەست بە چالاکییەکانی بازرگانیکردن هەیە بی گەڕانەوە بۆ بەشداربوو. لەکاتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری بریکار بەشداربوو لە گۆڕانکارییەکان بە ئامرازی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەکاتەوە.
16. قەرەبووکردنەوە
· بەشداربوو رەزامەندە بە قەرەبووکردنەوە، بەرگریکردن، و پاکانەکردن بۆ بریکار لە زیان و بەرپرسیارەتی و لێپرسراوی لە هەر داواکارییەکی یاسایی، لەدەستدان، زیان، بەرپرسیارێتی، یان خەرجییەک کە بەهۆی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی بریکارەوە لە لایەن بەشداربوو سەرچاوە دەگرێت، لەوانە، بەڵام سنووردار نییە بە، بەکارهێنانی ڕێپێنەدراو، زەرەری بازرگانی، یان پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکان.
17. سنووردارکرنی بەرپرسیارەتی
· تا ئەو ئاستەی کە بە یاسای جێبەجێکراو ڕێگەی پێدراوە، نابێت بریکار بەرپرسیار بێت لە هیچ زیانێکی (ناڕاستەوخۆ، دەرئەنجامی، رووداو، سزایی) کە لەم ڕێکەوتننامەیە سەرچاوە دەگرێت یان پەیوەندی پێوە هەیە لەوانە، بەڵام سنووردار نییە بە، زەرەرکردن لە بازرگانی، بوونی کێشە لە یان وەستانی سیستەم، یاخود وەستان یان کێشە لە بازاڕە داراییەکانی جیهان.
18. دژە پارە سپیکردنەوە و پابەندبوون
· بەشداربوو ڕازی دەبێت بە پابەندبوون بە هەموو یاسا و ڕێساکانی دژی پارە سپیکردنەوەی جێبەجێکراو، لەوانە پێشکەشکردنی ناسنامەی دروست و نوێ و زانیاری دارایی و دانانی سەرمایەی پاک و تەندروست لەسەر هەژماری بازرگانی خۆی.
· لەوانەیە بریکار بە بڕیاری خۆی داوای بەڵگەنامە یان زانیاری زیاتر لە بەشداربوو بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەیان، سەرچاوەی پارە، یان پابەندبوون بە رێکارە یاساییەکان.
19. هاوپێچەکان
· هاوپێچی یەکەم: دانپێدانانی مەترسی
20. قبووڵکردنی ئەم رێکەوتننامەیە
· · ئەم رێکەوتننامەیە بە ئەلیکترۆنی لەلایەن بەشداربوو قبوڵکراوە بە کلیک کردن لە خوارەوەی لاپەڕە ئەلیکترۆنیەکە لەکاتی دروستکردنی هەژماری تایبەتی خۆی.
تێپنینی: ئەم ڕێکەوتننامەیە لە ٢٠ بڕگە و یەک هاوپێچ پێک دێت.
هاوپێچی یەکەم: دانپێدانانی مەترسی
بە کلیک کردن لە خوارەوە بەشداربوو دان بەو خاڵانەی خوارەوە دەنێت و لێیان تێدەگات:
1- بەشداربوو لەوە تێدەگات کەوا ئەرکی سەرەکی بریکار بریتییە لە گواستنەوەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی بەشداربوو بۆ سەرچاوە جیهانییەکانی تایبەت بە دابینکردنی نەختێنەیی (Liquidity Provider). بریکار بە هیچ شێوەیەک بەشداری یاخود دەستوەردان لە قازانج و زەرەری مامەڵەکانی بەشداربوو ناکات. وەهەروەها بریکار بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نیە لە بەڕێوەبردنی سەرمایەی بەشداربوو کە لەسەرهەژماری بازرگانی خۆیەتی.
2- ئاستی مەترسی بۆ سەر سەرمایەی بەشداربوو لە بازاڕە داراییەکانی جیهان زۆر بەرزە. رەنگە بە کارکرن لەو بازاڕانە بەشداربوو گشت یان بەشێکی زۆر لە سەرماییەی سەر هەژمارە بازرگانییەکانی کە مامەڵەی بازرگانی پێدەکات لەدەست بدات. ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو مەترسییانە کە بەشداربوو دان دەنێت بەوەی کە لێیان تێدەگات و خۆی بەرپرسیارەتی تەواوی مەترسییەکان هەڵدەگرێت و لایەنی بریکار بە هیچ شێوەیەک بەرپرس و لێپرسراو نیە لەو مەترسییانە:
a. ناجێگیری و ناسەقامگیری بازاڕ: بازاڕە داراییەکان زۆر ناجێگیر و ناسەقامگیرین. دەکرێت نرخەکان زۆر بە خێرایی بەرز و نزمی بکەن کە ئەوەش رەنگە ببێتە هۆکاری زەرەری زۆر لە سەرمایەی بەشداربوو ئەگەر بەشێوەیەکی دروست پارێزگاری لە مامەڵەکانی نەکردبێت.
b. خزینی نرخ (Slippage): بەشداربوو لەوە تێدەگات کە دەکرێت هەندێک جار بەهۆکاری جیاواز کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی لایەنی بریکارە خزین لە نرخەکان رووبدات. خزین لە نرخ بریتییە لە کردنەوە یان داخستنی مامەڵەی بەشداربوو لە نرخێکی جیاواز لە نرخی خوازراو. زۆر جار بەهۆی جووڵەی لەناکاو و بەهێزی بازاڕ یان کەمی سیولە لە بازاڕ یان کێشەی تەکنیکی خزین لە نرخ روودەدات. ئەو خزینانە لە سەرچاوە جیهانییەکانی تایبەت بە دابینکردنی نەختێنەیی (Liquidity Provider) روودەدەن و لایەنی بریکار بە هیچ شێوەیەک لێی بەرپرس و لێپرسراو نیە.
c. لاڤرێج (Leverage): مامەڵەکردن لە بازاڕە دارییەکانی جیهان تەنها بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە لە مەترسییەکانی کارکردن بە لاڤرێج تێدەگەن. کارکردن بە لاڤرێج دەرفەتی ئەوە بۆ بەشداربوو دەڕەخسێنێت کەوا بەقەبارەی دارایی گەورەتر لە سەرماییەی راستەقینەی خۆیان بازرگانی بکەن، کە ئەوەش قەبارەی قازانج و زەرەر زۆر گەورەتر دەکات.
d. داواکاری پەراوێز (Margin Call): ئەگەر قەبارەی کۆی گشتی زەرەری کراوەی مامەڵە(کان)ی بەشداربوو زیاتر بێت لە بڕی پارەی پەراوێزخراو، ئەوا پێویستە بەزووترین کات بەشداربوو پارەی زیاتر بخاتە سەر هەژمارەکەی ئەگەرنا لە کاتی گەیشتنی زەرەرەکان بۆ ئاستی رێژەی سەدی دیاریکراو، مامەڵە(کان)ی بەشداربوو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دادەخرێن و رەنگە ببێتە هۆی زەرەری زۆر بۆ سەر سەرمایەی بەشداربوو.
e. بەشداربوو تەنها خۆی بەرپرس و لێپرسراوە لە ئەنجامدانی مامەڵەکانی کرین و فرۆشتن و خۆی خاوەندارییەتی گشت قازانج و زەرەرێک دەکات. لایەنی بریکار هیچ دەست وەردان و چاودێرییەک بۆ مامەڵەکانت ئەنجام نادات و بەرپرس و لێپرسراو نیە لە ئەنجامی مامەڵەکانی بەشداربوو.
f. لایەنی بریکار بەهیچ شێوەیەک گەرەنتی قازانج یان دوور بوون لە زەرەر نادات بە بەشداربوو. لەکاتی پشت بەستن بە سیگناڵ و شیکاری و ستراتیژی و فێرکارییەکانی هەرکەسێک، تەنانەت ئەگەر کارمەندی بریکاریش بن، بەشداربوو خۆی بەرپرس و لێپرسراوە لە بڕیاردان بۆ پشت بەستن بەم سیگناڵ و شیکاری و ستراتیژی و فێرکاریانە و مامەڵەکردن پێیان.
3- : بە بە کلیک کردن لە خوارەرە، تۆی بەشداربوو رەزامەندی خۆت بۆ گشت خاڵەکانی (هاوپێچی یەکەم: دانپێدانانی مەترسی) پیشان دەدەیت، دان بە گشت خاڵەکان دەنێیت و دووپاتی دەکەیەوە کەوا گشت خاڵەکانت خوێندوەتەوە و تێگەیشتوویت و تەواوی بەرپرسیارەتی و لێپرسراویەتی مەترسییە ئاماژەپێکراوەکان هەڵدەگریت.